وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە پارێزگای مەڵاتیە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کە دەکاتە باکوری کوردستان جێگیر دەکات.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "هێزە چەکدارەکانی تورکیا سوورن لەسەر دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەمان و هاوڵاتیانمان، بە لەبەرچاوگرتنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەمان، ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان و ئاسمانمان، کاری ڕاوێژکاریش لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان بەردەوامە".
ڕاشیگەیاندووە: ناتۆ جگە لە ڕێوشوێنە نیشتمانییەکان، ڕێوشوێنی بەرگریی ئاسمانی و موشەکی بەهێزتر کردووە. لە چوارچێوەی ئەم ڕێوشوێنانەدا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە شاری مەڵاتیە جێگیردەکرێت بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکە.
پێشتر تورکیا شەش فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16 و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە باکوری قوبرس جێگیر کرد، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی قوبرسی باکوری تورکیا کە خۆی بە کۆماری تورکی ناویدەبات.
لە 2ی ئازاردا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیا لە قوبرس، بە گوتەی دەسەڵاتدارانی قوبرس، ڕەنگە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لەلایەن گروپی حزبوڵای لوبنانەوە هەڵدرابێت.
لە بەرامبەردا چەند وڵاتێکی ئەوروپی بەڵێنیان دا کە هاوکاری قوبرس بکەن، یۆنان چوار فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ـی نارد بۆ دوورگەکە، بەریتانیاش دوو هێلیکۆپتەری وایڵدکات و ئێچ ئێم ئێس دراگۆنی نارد.