ڕاستەوخۆ

مالی لەژێر هێرشی چڕی گرووپە چەکدارەکاندا

reset font size increase font size

چۆن سەدان چەکدار لە شەش  شارەوە بەرەی شەڕیان کردۆتەوە؟

ڕۆژی 25ی ئەم مانگە چەند شارێکی مالی لەنێویشیاندا پایتەختەکەی ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی گروپە چەکدارەکان بوونەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "جیۆن ئەفریک" کە بڵاویکردووەتەوە، هەموو هێرشەکان لە یەک کاتدا لە ناوچە جیاکانی ئەو وڵاتدا ئەنجامدراون.

 وەک ڕۆژنامەکە دەڵێت سەدان چەکداری گروپی " بزوتنەوەی نیشتیمانی بۆ ڕزگارکردنی ئەزواد" لە باکوری ئەو وڵاتە بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە، هاوکات ئەندامانی گروپی توندڕەوی "پشتیوانی لە ئیسلام و موسڵمانان" سەر بە قاعیدە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور بەشدارییان کردووە.

سوپای مالی ڕایگەیاند، "گرووپە تیرۆریستییە چەکدارە نەناسراوەکان" لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانییەوە پێگە و بنکە سەربازییەکانیانی لە پایتەخت و ناوچە ناوخۆییەکان کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکدادانەکان بەردەوامن و هێزەکانیان کار بۆ "لەناوبردنی هێرشبەرەکان" دەکەن.

گروپە چەکدارەکان لە یەک کاتدا هێرشیان کردە سەر هەر یەک لە شارەکانی باماکۆ، گاو، کاتی، کیدال و ناوچەکانی دەوروبەری. دواتر سوپای ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و توانیویانە هێرشەکان تێکبشکێنن و هێرشبەران لەناو ببەن.

لە باماکۆ، چەند ڕێگەیەک بەتایبەتی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی داخران و چەند یەکەیەکی سەربازیی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و باڵەخانەی تەلەفزیۆنی دەوڵەت و بارەگای بانکی وڵاتانی هاوپەیمانی ساحل جێگیر کران.

لە شاری کاتی، بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ پێکدادان لە نزیک ماڵی سادیۆ کامارا، وەزیری بەرگریی مالی ڕوویدا، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، هێرشی خۆکوژییش بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو کراوەتە سەر ماڵی وەزیری بەرگریی ولاتەکە.

لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی شارەکە شەڕی سەخت ڕوویدا و هاوڵاتیانی نزیک لەو شوێنە ئاماژە بەوە دەکەن، بەشێک لە هێرشبەرەکان جلوبەرگی سوپای مالییان لەبەردا بووە.

لە باکوری ئەو ولاتەش هێرش کرایە سەر شاری کیدال و بنکەی سەربازی ئەنگامالی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە گیرا. دواتریش ئاڵای "بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ ڕزگاری ئەزواد" لە شوێنە حکومییەکاندا بەرزکرایەوە. هەروەها ماڵی پارێزگاریش دەستی‌بەسەرداگیرا.

میدیاکانی ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن لە شاری گاو، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا کۆپتەرێکی سوپا خراوەتە خوارەوە، هەروەها سەرچاوەیەکی سەربازی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە شەڕ وەستاوە بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات، کە ئایا ئاگربەست ڕاگەیەندراوە یاخود گروپە چەکدارەکان کشاونەتەوە؟

لە بەشی ناوەڕاستی مالییش هێرش کرایە سەر شاری سێڤارێ و بنکەیەکی سوپا و فڕۆکەخانەی شارەکە کرایە ئامانج. میدیاکان باسیان لەوە کرد، جەنگ هێشتا بەردەوامیی هەیە و وەک لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کەسانی چەکدار بە ماتۆڕسکیلەوە هێرش دەکەن. هەروەها شاری مۆپتی چەندین شەڕ و پێکدادانی سەختی بەخۆیەوە بینی.

ئەم هێرشە بە یەکێک لە گەورەترین هێرشەکانی ولاتی مالی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دادەنرێت و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان لە چەند ناوچەیەک بەردەوامییان هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.