بۆ جاری سێیەم، دادگای سلێمانی دانیشتنی خۆی بۆ دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 10 دەستگیرکراوی دیکە دەستپێکرد، کە بە تۆمەتی مادەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە پلاندانان بۆ کوشتن دەدرێنە دادگا.
کاژێر 10:30ـی خولەکی ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی لە سلێمانی دەستی پێکرد، کە تێیدا سەرنج لەسەر مادەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی چڕ کراوەتەوە، کە تایبەتە بە ڕێککەوتن و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، هاوکات بڕگەکانی مادەی 406ـیش لەنێو دۆسیەی تۆمەتبارەکاندایە.
ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی 22ی ئابی 2025؛ دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن و خۆبەدەستەوەنەدانی، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار و دوای سێ کاتژمێر لە پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە هێزەکانیان دەستگیرکران.