فەرهاد شامی ڕایگەیاند، هەندێک کەس دەیانەوێت فیتنەو ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بکەن و ئەو کەسەی هێرشیکردە سەر سیمبول و پیرۆزییەکانی گەلی کورد یەکێکە لە لایەنگرانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو.
فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند، پێویستە هێزەکانی ئاسایش دەستبەجێ ڕێکاری پێویست لەبەرامبەر ئەم هەوڵە تێکدەرانە بگرێتەبەر.
گوتی، ئەم کەسە ناوى "حوسێن ئەلحەسۆ" یە تا ئەم کۆتاییەش پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەعس هەبووە و بەوە ناسراوە کە لەژێر سێبەری ڕژێمی بەعس بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەسانە بەمەبەستی دروستکردنی ئاڵۆزی و زیانگەیاندن بە کۆمەڵگە کردەوەی قێزەون ئەنجامدەدەن و لەو بڕوایەدایە کە ئاسایش و هێزەکانی ڕۆژاڤای کوردستان ئەرکی خۆیان بەباشترین شێوە جێبەجێ دەکەن و جەختی لەوەکردەوە، پێویستە ئەم کەسانە بەشێوەیەکی توند سزابدرێن و لە ناوچەکە دەربکرێن.