شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەسەرکردەوە؛ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمیشدا پرسی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی ئەمنییان بۆ پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان لە هێرشی درۆنی و موشەکی تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەسەر فەرمانی سوپاسالاری عێراق، شاندێکی باڵای سەربازی بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری سوپاسالار، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئەمنیی کێڵگە نەوتییەکان.
شاندە سەربازییەکە هاوڕێ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، مەیدانیانە کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی (شێخان، خۆرمەڵە، فیشخاپوور و خاپوور)یان لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەسەرکردەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕوونیکردەوە، ئامانجی ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، داڕشتنی پلانێکی تۆکمەیە بۆ پاراستنی کێڵگەکانی نەوت لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، موشەکی یان درۆنی.
ئەم هەنگاوەش وەک گەرەنتییەک پێشکەش بە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، کە بە شادەماری ئابووری و دارایی تەواوی عێراق دادەنرێت.