شارەوانیی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پڕۆژەیەکی بەرفراوان و گشتگیری بۆ نۆژەنکردنەوە، ڕێکخستن و پەرەپێدانی سەرجەم 275 پارکەکەی ناو شاری کرماشان خستە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەگوێرەی پلانەکەش هەفتانە هەشت پارک بە تەواوی نۆژەن دەکرێنەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لە پارک و کایە گشتییەکانی شارەکە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی دەکەونە گەڕەکە کەم دەرامەت و پەراوێزخراوەکانەوە، بە تەواوی پشتگوێ خرابوون و ڕووبەڕووی خاپووربوون ببوونەوە.
لە پڕۆژە نوێیەکەدا، پێشینەی سەرەکیی کارکردن و تەرخانکردنی بوودجە دراوەتە پارکەکانی ناوچە پەراوێزنشینەکان، ئەمەش بە مەبەستی ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست، نۆژەنکردنەوەی کورسی و ڕووناکی، و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕووبەری سەوزایی لەو گەڕەکانەدا تاوەکو دادپەروەری لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییە شارییەکاندا بەدی بێت.