چالاکییەکانی ڕۆژانی ئامارا، کە بە دروشمی "بە ڕێبەرایەتیی ئازاد بەرەو یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک" لە شارۆچکەی خەلفەتێوە دەستی پێکردبوو، دوای ڕێپێوانێکی جەماوەری بەرەو گوندی ئامارا و ئەنجامدانی مەراسیمێکی بەفراوان لەبەردەم ئەو ماڵەی عەبدوڵا ئۆجالان تێیدا لەدایکبووە، کۆتاییهات.
لە مەراسیمەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی خەلفەتێ و گوندەکانی دەوروبەری بەشداربوون، چەندین گوتار پێشکەش کران و بەڵگە فیلمێکیش لەسەر ژیان و خەباتی ئۆجالان نمایش کرا.
چەتین ئارکاش، یەکێک لە بەشداربووانی مەراسیمەکە و هاوکات ئەندامی سکرتاریەتی ئیمرالی، لە گوتارێکدا، گوندی ئامارای وەک 'خاڵی وەرچەرخانی کوردان" ناوزەد کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی ئۆجالان لە دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەییدا.
ئارکاش جەختی لەوە کردەوە، ئەم جوگرافیایە تەنیا هی کورد نییە، بەڵکو تورکمان، عەرەب، ئەرمەن و پێکهاتە جیاوازەکانی تریش تێیدا دەژین. ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئۆجالان کوردە، بەڵام لە هەمانکاتدا خاوەن ناسنامەیەکی جیهانییە و فیکرەکەی وەک دژە ژەهرێک وایە بۆ ئەو تێڕوانینانەی، دەیانەوێت گەلان و ئاینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی یەکتر بکەنەوە.
لە مەراسیمەکەدا مەحمەد ئۆجالان، برای عەبدوڵا ئۆجالانیش ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئازادبوونی ئۆجالان، پێویستە گەل ئاستی ڕێکخستن و تێکۆشانی خۆی زیاتر بکات.