شادومان مەلا حەسەن، یەکێک لە بەرپرسەکانی بەرەی گەل وەڵامی گوتەکانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەداتەوە و دەڵێ: "لاهور شێخ جەنگی هەرگیز پلانی نەبووە هێرش و کودەتا" بکات.
شادومان مەلا حەسەن، لە نووسینێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیوویەتی، "هەڤاڵ ئەبوبەکر لە دیمانەیەکدا و لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر هێرشی 22ـی ئابی ساڵی ڕابردووی سەر لالەزار دەڵێت، ئەگەر ئەوان هێرشیان نەکردبایە دوای کاتژمێرێک لاهور و جەماعاتەکەی هێرشیان دەکردە سەر دەباشان."
دەشڵێت: "هەرگیز ئێمە پلان و بەرنامەی کودەتا و هێرشکردنمان نەبووە".
دوای ئەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێ، "بە ئەرکی خۆمی دەزانم داوای لێبوردن لە لایەنگرانی بەرەی گەل و هەر کەس و لایەنێک بکەم کە بەهۆی لێکدانەوەکانی منەوە نیگەران بووبێت".
ڕۆژی 22ـی ئابی ساڵی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە سەر هۆتێل لالەزار و ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی، بەو هۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا و لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی دەستگیرکران و 12 کەسیش گیانیان لەدەستدا.