نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند کە یاسای تایبەت بە پرسی کورد گشتگیر نابێت و هەموو کەسێک ناگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە یاساکە تەنیا لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی یاسای سزاکاندا دەبێت و لێبوردنی گشتی لە خۆناگرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (CNN Türk) ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 80٪ بۆ 90٪ی قۆناغەکانی پرۆسەی چارەسەری کۆتایی پێهاتووە و لەم قۆناغەشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کار لەسەر ئامادەکردنی یاسای تایبەت بە پرسی کورد دەکەن.
گوتیشی، ڕەشنووسی ئامادەکراو لەلایەن کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا، نەخشەڕێگەی چوارچێوە یاساییەکەی بۆ دادەنرێت.
سەبارەت بە تێچوو و زیانە داراییەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی چەند دەیەی ڕابردووی نێوان سوپای تورکیا و گەریلانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، کورتوڵموش ڕایگەیاند: پێشتر مەزەندە دەکرا ئەو پێکدادانانە بە بەهای 1.3 ترلیۆن (یەک ترلیۆن و سێسەد ملیار) دۆلار زیانی بە ئابووریی تورکیا گەیاندبێت، بەڵام پێی وایە لە ئێستادا تێچووی ڕاستەقینەی ئەم شەڕە گەیشتووەتە دوو هێندەی ئەو ژمارەیە.