نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد، و لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا کە ستیفان ڤانت، بەرپرسی نوێی ئۆفیسی هەولێری یەکێتیی ئەورووپاش تێیدا ئامادە بوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ "ڕۆڵ و پشتیوانیی بەردەوام"ـی یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی و پیرۆزبایی لە بەرپرسی نوێی ئۆفیسەکە کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ئامادەییی خۆشی بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەک بۆ کارەکانی دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق جەختی لەسەر پابەندبوونی یەکێتییەکەی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە خرانە بەر باس.