غولام حوسێن موحسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، فەرمانی بە داواکاری گشتی و ڕێکخراوی پشکنینی ئێران کرد، بەپەلە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی فرۆشتنی ئینتەرنێتی پرۆ یان هێڵە سپییەکان بکەن.
ئێژەیی ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم هێڵە تایبەتانە، بەپێچەوانەی ڕێنماییەکان، بە کەسانێکی دەرەوەی بازنە دیاریکراوەکان دراوە و لە بەرانبەریدا دەیان ملیۆن تمەن پارە وەگیراوە.
ئەم خزمەتگوزارییە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەکانەوە بۆ کەسانی دیاریکراو و نزیک لە حکومەت دابین کراوە، تاوەکو لە کاتی ڕاگرتنی هێڵەکان دەستڕاگەیشتنیان بە ئینتەرنێت بەردەوام بێت.
ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتی دادوەری دوای ناڕەزایەتییەکان دێت لە بارەی بوونی ئیمتیازی تایبەت بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی بێفلتەر، لە کاتێکدا هاوڵاتیان بە دەست سنووردارکردنی توندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەناڵێنن و نزیک لە دوو مانگە هێڵەکانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە بە تەواوی ڕاگیراون.