فەرهاد شامى، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند کە لێدوانێکی سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ناوچەی خۆرهەڵات لەبارەی ڕۆڵی ئیسرائیل و پرۆسەی تێکەڵاوبوون لەگەڵ دەوڵەتی سوریا دابێت، کە پێشتر لەلایەن ڕۆژنامەیەکی تورکییەوە خراوبووە پاڵی دوورە لە ڕاستیەوە و ناوبراو هیچ لێدوانێکی لەو شێوەیەی نەداوە.
بە گوتەی فەرهاد شامی، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لێدوانە نادروستانە لەم کاتە هەستیارەی مێژووی ناوچەکەدا، بە ڕێککەوت نەبووە و ڕۆژنامە تورکییەکان بە مەبەست لەم قۆناغەدا دەستیان داوەتە ئەم کارە.
هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت هیچ قسە و لێدوانێک بە فەرمی و ڕاست وەرگیرێت مەگەر بە دیکۆمێنتی دەنگی و ڤیدیۆیی پشتڕاست کرابێتەوە.