سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی چوارشەممە بە درۆن و مووشەک بنکەکانی ئەمریکای لە هەولێر، کوێت، ئوردن و بەحرەین کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی کوژراون.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە هەولێر، ناوەندێکی چاککردنەوە، کۆگە و کەرەستەی سەربازی وێران کراون.
هەروەها بنکەکانی تریش لەو وڵاتانە کراونەتە ئامانج. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکەی پێشووی ئەمریکا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شارستانی سیریک، لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ هەواڵی کوژرانی سەربازە ئەمریکییەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە.