محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، وتاری ماڵئاوایی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر کارنامەی چوار ساڵی ڕابردووی حکومەتەکەی.
سودانی ڕایگەیاند کە توانیویانە قەبارەی وەبەرهێنان بگەیەننە 114ملیار دۆلار و بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 29 هەزار مێگاوات بەرز بکەنەوە.
هەروەها ئاماژەی بە سەرکەوتنی پڕۆژەی "بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی دەرمان" کرد کە ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆیی تێیدا گەیشتووەتە 40٪.
لە کەرتی دارایی و ئابوریدا، سوودانی ئاشکرای کرد کە قەرزی دەرەکی عێراق لە 13 ملیار دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە و ڕێژەی هەژاریش لە 25٪ـەوە بۆ 10٪ دابەزیوە.
هەروەها باسی لەوە کرد کە بۆ یەکەمجار دوای 38 ساڵ سەرژمێری گشتییان ئەنجامداوە و قۆناغی یەکەمی "ڕێگەی گەشەپێدان" و "بەندەری فاو"یان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی ڕووبەڕووی چەندین "تۆمەتی چەواشەکارانە" بووەتەوە، بەڵام ڕاستی دەستکەوتەکان لەسەر زەوی دیارن. ئەو گوتی: "سوورین لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێ و لەگەڵیان دەبین لە هەر بڕیارێک کە لە بەرژەوەندیی گشتی عێراقییەکاندا بێت."