دوای دوازدە ساڵ لە داخران، دەروازەی سنوریی ئاکچەکالێ لە پارێزگای شانلیورفای باکووری کوردستان، کە دەکەوێتە بەرامبەر دەروازەی گرێ سپی لە ڕۆژاوای کوردستان، دواجار بەڕووی هاتوچۆی هاووڵاتییاندا کرایەوە.
ئەم دەروازەیە کە یەکێکە لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەکان، لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی ململانێ سەربازییەکان و ناسەقامگیریی ناوچەکە داخرابوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی پارێزگاری شانلیورفا، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و ئامادەکارییە ئەمنییەکان، لەمڕۆوە ڕێگە بە پەڕینەوەی ئەو هاووڵاتییانە دەدرێت کە هەڵگری پاسپۆرتن.
هەر لە بەیانییەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە هەردوو دیوی سنوور کۆبوونەتەوە و بە دڵخۆشییەوە پێشوازییان لەم بڕیارە کردووە، کە دەبێتە هۆی دووبارە بەستنەوەی ئەو خێزانانەی ساڵانێکە بەهۆی سنوورەکانەوە لە یەکدی دابڕاون.
بەرپرسانی دەروازەکە جەخت دەکەنەوە کە پڕۆسەی هاتوچۆ بە توندی لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندایە.
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی باکووری کوردستان پێیان وایە کردنەوەی ئەم دەروازەیە نەک هەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بووژانەوەی بازاڕ و چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو دیو کە بۆ ماوەی 12 ساڵ پەک خرابوون.