بڕیارە سبەینێ دووشەممە لیژنەی بەدواداچوونی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆببێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی قەیرانی کەمیی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان.
د. غالب محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی پرسی سووتەمەنی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی قسە لەسەر بەردەوامیی قەیرانی سووتەمەنی دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق ڕۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ لە تانکی، نەوت و گاز.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، بەغدا بە مەرجی دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئەم بڕە نەوتەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە.
بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانەکەوە، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە 1,150 دینار و لە هەندێک ناوچەش بە زەحمەت دەستدەکەوێت.
د. غالب محەممەد ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا بڕیار دەدرێت ئایا لیژنەکە بۆ بەدواداچوونی زیاتر سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، یاخود پەرلەمان کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەیەوە بدات.
زیاتر لە دوو هەفتەیە قەیرانی کەمیی سووتەمەنی لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی شۆفێران و هاوڵاتییان.