دەستەی گشتیی کەشوهەوا و بومەلەرزەزانیی عێراق ئاماری چالاکییە بومەلەرزەییەکانی بۆ مانگی تەممووز بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لەو ماوەیەدا کۆی گشتیی ١٠٢ بومەلەرزە تۆمار کراون، کە ٥٧یان لە ناوخۆی وڵات و ٤٥یان لە ناوچە سنوورییەکان بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پارێزگای کەرکووک بە تۆمارکردنی ٣٢ بومەلەرزە (کە زۆرینەیان لە قەزای داقووق بوون) زۆرترین ڕێژەی چالاکیی زەمینلەرزەی لەسەر ئاستی عێراق بەرکەوتووە.
دوای ئەوەش پارێزگای سلێمانی بە ٨ ههژان (لە سنووری کەلار، دەربەندیخان و شارباژێڕ)، دیالە بە ٥ ههژان (لە خانەقین)، هەولێر بە ٤ ههژان (لە کۆیە، چۆمان و شەقڵاوە)، و نەینەواش بە ٤ ههژان لە ڕیزبەندییەکەدا هاتوون.
هەروەها لە پارێزگاکانی واسیت، میسان، بەسڕە و زیقار لە هەر یەکەیان تەنها یەک بومەلەرزە تۆمار کراوە.
لە بەشێکی تری ئامارەکەدا هاتووە کە ٤٥ زەمینلەرزەش لە دەرەوەی سنووری عێراق تۆمار کراون، کە ٢٩یان لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و ١٦یان لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا ڕوویان داوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای عێراق بە تەواویی لە چالاکییە بومەلەرزەییەکان بەدەر بوون، و هۆکارەکەشی بۆ جووڵەی پلێتی عەرەبی دەگەڕێتەوە کە چڕیی هێزەکەی بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات دەکشێت.