بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئێران تووشی شڵەژانێکی گەورە بوون و بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا دابەزینێکی مێژوویی تۆمار کرد، بە شێوەیەک کە نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە سەرووی ٢٤٠ هەزار تمەن.
ئەم دابەزینە خێرا و بێوێنەیەی تمەن لە کاتێکدایە کە قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە قووڵتر بوونەتەوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دەرکەوتوون.
بەردەوامیی گەمارۆکان و بەتایبەت گەمارۆی دەریایی، وای کردووە گەیشتن بە هەرچەشنە ڕێککەوتنێک ئاستەم بێت و توانای فرۆشتنی نەوتی ئێران سنووردار ببێت؛ بەو هۆیەوە حکومەتی ئێران لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکاندا تووشی کورتهێنانی گەورە بووە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان، توانای کڕینی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی خێرا دابەزیوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی هەژاری لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا فراوانتر دەبێت.