ڕاستەوخۆ

حەلەب؛ پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکاندا ڕوویدا

reset font size increase font size

لە شاری عەزاز لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، لە ئەنجامی هەڵمەتێکی ئەمنیی هێزەکانی ناوخۆ بۆ سەر تۆمەتبارانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، گرژی و پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکاندا ڕوویدا.

گرژییەکان دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (پۆلیس) لە شاری عەزاز لە پارێزگای حەلەب، هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک لەسەر دۆسیەی ماددەی هۆشبەر دەستپێکرد، بەڵام ڕووبەڕووی تەقەکردن و بەرپەرچدانەوەی توند بوونەوە لەلایەن چەند گرووپێکەوە کە ئامادە نەبوون داواکراوەکان ڕادەست بکەن.

 گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیاڵ میدیا پێکدادانی قورس لە چەند گەڕەکێکی شارەکەدا پیشان دەدەن، کە دواتر بووە هۆی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان.

لای خۆشییەوە، فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە عەزاز لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە ئەوان لایەن نین لەم ململانێیەدا و هێزەکانی گەڕۆکی پۆلیس بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە و هێزی زیاتری بەهێزکردنیان ڕەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی شەڕەکە.

هێزە ئەمنییەکان هۆشداریشیان دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر پۆلیس، ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە.

شاری عەزاز کە نزیکە لە سنووری تورکیا، پێشتر وەک بنکەیەکی سەرەکیی "سوپای نیشتمانیی سووریا"ی سەر بە تورکیا دەناسرا، پێش ئەوەی دوای ڕوخانی حکومەتەکەی ئەسەد، کوتلە جیاوازەکانی ئەو سوپایە لە چوارچێوەی هێزە چەکدارە نوێیەکانی سووریادا ڕێکبخرێنەوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.