ڕاستەوخۆ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە سووریا ناکشێینەوە و هەر ناوچەیەک کۆنتڕۆڵی بکەین بۆ هەمیشە بە دەستمانەوە دەمێنێتەوە

reset font size increase font size

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکی دانەبڕاون لە ئیسرائیل و ناوچەکە بە تەواوی لەژێر سەروەریی دەوڵەتی ئیسرائیلدایە.

کاتز لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی دیمەشق کرد و ڕایگەیاند، "هەموو ناوچەیەکی ژێر ئیدارەی ئێمە بۆ هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا دەمێنێتەوە."

 هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئیسرائیل نە لە چیای شێخ (چیای هرمون) و نە لە ناوچەی ئەمنی بەدرێژایی سنووری سووریا ناکشێتەوە.

لێدوانە توندەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ دوای وتارەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هات.

شەرع لە وتارەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە بەرزاییەکانی جۆلان وەک خاکی سووریا دەمێنێتەوە و وڵاتەکەی هەرگیز دەستبەرداری ماف و سەروەریی ڕەوای خۆی نابێت.

سەرۆککۆماری سووریا ئاماژەی بەوەش دا، هیچ هەوڵێک لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە بۆ سەپاندنی هەژموون ناتوانێت شەرعیەتی دەوڵەت و باڵادەستیی یاسا نێودەوڵەتییەکان تێکبدات، جەختیشی کردەوە کە هەموو هەوڵە تاکلایەنەکان بۆ لکاندنی ئەم ناوچەیە، بەپێی بڕیارنامەی 497ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1981، بێبنەما و پووچەڵن.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، ئەحمەد شەرع بە ئاماژەدان بەوەی کە ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشڕەوییە سەربازییەکانی و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر خاکی سووریا، بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای کرد فشارێکی کۆنکرێتی بخەنە گەڕ بۆ دڵنیابوون لە کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.