حیزبوڵڵای لوبنانی پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات و بە "دەستکەوتێکی گەورە" وەسفی دەکات، هاوکات هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و ڕادەگەیەنێت کە "هیچ هێرشێک" کە سەروەریی نیشتمانیی لوبنان پێشێل بکات، قبووڵ ناکەن.
حیزبوڵڵا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، پیرۆزبایی لە ئێران کرد و سوپاسگوزاریی خۆی ئاراستەی تاران کرد کە لە دانوستاندنەکاندا سوور بووە لەسەر ئەوەی هەر ڕێککەوتنێک پێویستە ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە لوبنان لەخۆبگرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێران جارێکی دیکە سەلماندی کە هاوپەیمانێکی گەورە و پشتیوانێکی بەهێزە."
ئەم هەڵوێستەی حیزبوڵڵا دوای ئەوە دێت کە ئێران و وڵاتی پاکستان (وەک نێوەندگیر) ڕایانگەیاند، ڕێککەوتنەکە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی واژۆ بکرێت، کۆتایی بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ دەهێنێت، لە نێوانیاندا بەرەی لوبنانیش.
سەرڕای پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنەکە، حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری توندی دایە ئیسرائیل و ڕایگەیاند: "قبووڵی چاوپۆشی لە هیچ دەستدرێژییەک ناکەین کە سەروەریی نیشتمانیمان پێشێل بکات و خوێنی گەلەکەمان بڕێژێت."
هێزە چەکدارەکەی لوبنان جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لە مافی بەرگریکردن لە خاکەکەیان "تاوەکو پاشەکشەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان."
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، کە پێش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردە سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان و شەڕ و پێکدادان لە باشووری ئەو وڵاتە بەردەوام بوو.