وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی دوویان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و دەستیانکردووە بە کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ ئامادەکردنی 120 ملیار دینارەکە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆران و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی یهك لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە میدیای پارتی راگەیاندووە، رێکارە کارگێڕییەکان بۆ کۆکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە دەستیان پێکردووە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا نوسراو بۆ بانکی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی دەکرێت، بۆ ناردنی 48 ملیار دینار و لەگەڵ 72 ملیارەکەی هەولێر و دهۆک، دەبنە 120 ملیار و رەوانەی بەغداد دەکرێت.
لەو بارەیەوە بانکی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی، بە میدیای پارتی راگەیاندووە، پڕۆسەی ئامادەکردنی داهاتە نانەوتییەکان دەستیان پێکردووە، چاوەڕێی نوسراوی وەزارەتی دارایی هەرێمین بۆ ناردنی 48 ملیارەکە.