ناڕەزایەتی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران پێدەنێنتە چوارەمین ڕۆژەوە، حکومەت و هێزە ئەمنییەکانیش ڕێوشوێنەکانیان توندتکردوونەتەوە.
مەسعود تەجریشی، سەرۆکی زانکۆی شەریف، لە تاران ڕایگەیاند، بەهۆی پێکدادانی هەردوو گروپی خوێندکارانی ناڕازی و لایەنگری حکومەت، داوامان لە داواکاری گشتیی کردووە دەستێوەردان بکات.
دەشڵێت، هاتنەناوەوەی هەردوو گروپەکەمان بۆ زانکۆ قەدەغەکردووە، ئەگەر ژمارەی خوێندکارانی قەدەغەکراو بەردەوام لە زیادبووندا بێت، ئەوا بەتەواوەتی زانکۆکە دادەخەین.
. زانکۆی ئەمیرکەبیریش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بە زووترین کات مامەڵەی یاسایی توند لەگەڵ خوێندکارە سەرپێچیکارەکان دەکرێت بەبێ نواندنی هیچ نەرمییەک.
هاوکات، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەت سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی خوێندکارانی زانکۆ ڕایگەیاند، خوێندکاران مافی خۆیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام شوێنە پیرۆزەکان و ئاڵا، دوو هێڵی سووری ئێمەن.