نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ شەڕی بەوەکالەت لە لوبنان بوەستێنرێت و چەککردنی حزبوڵاش لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەنجامبدرێت نەک چەکداری.
نەواف سەلام، لە ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا قسەی کرد و گوتی، پێویستە ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل هەمیشەیی بێت و سەرجەم شەڕە بەوەکالەتەکانی وڵاتان لە لوبنان کۆتایی پێبهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەڕەی بەسەر لوبناندا فەرز کراوە و کۆتایی پێهێنانی پێویستییەکی سەرەکییە و حکومەت و دەوڵەتی لوبنان سوورن لەسەر چەککردنی حزبوڵای لوبنان.
سەلام، سوپاسی سەرجەم ئەو وڵاتانەی کرد کە لە کاتی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکانی لوبناندا، هاوکاریی مرۆییان پێشکەش کردووە و گوتی، نۆژەنکردنەوەی لوبنان پێویستی بە هاوکاریی وڵاتانی ئەوروپا هەیە.