سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشکردنە سەر نێردەی دیپلۆماسی و باڵوێزخانەکان بەردەوامن و هۆشداریشیدا، کە ئەم جۆرە کارانە عێراق ڕووبەڕووی کێشەی نێودەوڵەتی دەکەنەوە.
سەباح نوعمان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاریداوە ئەم هێرشانە بخاتە خانەی یاسای تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005.
جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەم هێرشانە پێگەی دیپلۆماسیی عێراق لاواز دەکەن و دەبنە هۆی تێکدانی ئەو دەستکەوتە نێودەوڵەتییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستهاتوون.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ئەوەشی ئاشکرای کرد، حکومەت کار دەکات بۆ گێڕانەوەی کاریگەریی عێراق لە ناوچەکەدا و نایەوێت ئەو وڵاتە ببێتە بەشێک لە گرژییەکان.