ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە پلانێکی "بوێرانە"ی هێزە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان کردووە بۆ ئەوەی، بە گوتەی خۆیان، پڕۆسەی ئازادکردنی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران لە"مانەوەی زۆرەملێ لە ماڵەکەیدا" جێبەجێ بکەن و لە ڕێگەی ناوبراوەوە "ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی گۆڕینی ڕژێم" لە ئێراندا بکەن.
بەگویرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ماڵی نیشتەجێبوونی مەحموود ئەحمەدی نەژاد کە لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28 ی شوباتی 2026دا کرایە ئامانج و دەنگۆی کوژرانی بڵاوبووەوە.
ڕۆژنامەی "ئێران"ی سەر بە حکومەت لە هەمان ڕۆژدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە سێ لە پاسەوانەکانی ئەحمەدی نەژاد لەو هێرشەدا کوژراون، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر دۆخی تەندروستی خودی ئەحمەدی نەژاد بڵاونەکردەوە.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر دەستپێکردنی شەڕەکەدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەحمەدی نەژاد بەو ئامانجە بووە کە ئەگەرعەلی خامنەیی بکوژرێت، ناوبراو بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست.
ڕۆژنامەکە لە زاری "بەرپرسانی ئاگاداری ئەمریکی"یەوە دەڵێت، "ئەم پلانە بوێرانەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە داڕێژرابوو، بەڵام زۆر زوو شکستی هێنا" چونکە بە گوتەی ڕۆژنامەکە، ئەحمەدی نەژاد خۆیشی ڕاوێژی پێکرابوو، بەڵام دوای برینداربوونی لەو هێرشەدا، ڕای خۆی لەسەر پلانەکە گۆڕیوە.
لە گۆڤاری "قیژە و هاوار"ی سەرەتای لاوێتییەوە تاوەکو بیرچوونەوەی ڕابردوو
مەحموود ئەحمەدی نەژاد دوای وەرگرتنی پۆستی قایمقام لە ماکۆ و لەگەڵ دەستپێکردنی خولی سەرۆکایەتیی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانیدا، گەیشتە پۆستی پارێزگاری ئەردەبیل.
ئەو پێش ساڵانی شەڕ و چوونە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتەوە، ئەندامی "دەفتەری تەحکیمی وەحدەت" بوو؛ نوێنەرایەتی باڵێکی ئەو ڕەوتەی دەکرد کە بیرکردنەوەیەکی توندی دژە چەپی هەبوو، بە جۆرێک هاوشانی داواکاریی خوێندکاران بەشداریی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد و دوای داگیرکردنی هاوکاتی باڵیۆزخانەی سۆڤیەتیشی دەکرد لە تاران.
خۆی و هاوبیرانی لەو ساڵانەدا گۆڤارێکی خوێندکارییان لە زانکۆی "عیلم و سەنعەت" بە ناوی "جیغ و داد" (قیژە و هاوار) بڵاودەکردەوە؛ ناونیشانێک کە بە بڕوای هەندێک کەس، وەسفێک بوو بۆ شێوازی دەرکەوتنی دواتریان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا.
ئەحمەدی نەژاد لە سەردەمی پارێزگاریی ئەردەبيلدا بەهۆی خێرا ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان پێکەوتووە، لەلایەن حکومەتی ڕەفسەنجانییەوە وەک پارێزگاری نموونەی ساڵ هەڵبژێردرا و لەو سەردەمەدا ستایشی ڕەفسەنجانی دەکرد و دەیگوت، "ناوی هاشمی لە مێژووی پڕ لە شانازیی شۆڕشی ئیسلامیدا بە درەوشاوەیی تۆمار دەکرێت"؛ بەڵام دەیەیەک دواتر و لە هەڵبژاردنی 2025دا بووە سەرسەخترین ڕکابەری.
بوون بە سەرۆکی شارەوانی و دۆسیەی گەندەڵی
قۆناغی دووەمی ژیانی سیاسیی مەحموود ئەحمەدی نەژاد بە سەرۆکایەتیکردنی شارەوانیی تاران لە ساڵی 2003دا دەستیپێکرد.
دوای ئەوەی باڵی ڕیفۆرمخوازەکان لە خولی یەکەمی ئەنجومەنی شارەوانی سەرکەوتوو نەبوون و خەڵک پێشوازییەکی ساردی لە خولی دووەم کرد، باڵی "محافزکارەکان" سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ئەحمەدی نەژادیان وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژارد؛ سەرۆک شاروانییەک کە خۆی بە درێژەپێدەری ڕێگەی محەمەد عەلی ڕەجایی دەزانی و پێداگری لەسەر "سادەپۆشی" دەکرد.
له سهردهمی شارهوانی ئەحمەدی نەژاددا، چەندین کاری ئاڵۆز لە تاران ئەنجامدران؛ ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، لەوانە ماڵی شانۆ و فێرگەی پەیکەرسازی داخران و فێرگەکانی قورئان خرانە شوێنیان، چونکە ئەو بە ئاشکرا "شوێنە کلتورییەکانی بە شوێنی گەندەڵی دەزانی".
هاوکات شارەوانییەکەی ڕووبەڕووی دۆسیەیەکی گەندەڵی دارایی بە بەهای 300 ملیار تمەن بووەوە کە بە گوتەی پەرلەمانتارانی ئەو سەردەمە، هیچ هۆکار و بەڵگەنامەیەکی بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە نەبوو، بەڵام بەهۆی گوشاری سیاسییەوە دۆسیەکە لە پەرلەمان لادرا.
لە ماچکردنی شانی خامنەییەوە تاوەکو "جوێن و قسەی نەشیاو"
هێشتا دوو ساڵ بەسەر سەرۆکایەتیی شارەوانی تاراندا تێنەپەڕیبوو کە ئەحمەدی نەژاد بووە نوێنەری "محافزکارەکان" بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2005 و توانی لە قۆناغی دووەمدا لە هاشمی ڕەفسەنجانی بباتەوە و ڕووبکاتە کۆشکی "پاستور".
هەرجەندە وا دەردەکەوت کە بە هەڵبژاردنی ئەو، عەلی خامنەیی گەیشتووەتە ئاواتی لەمێژینەی خۆی و سەرۆککۆمارێک دەسەڵاتی گرتووەتە دەست کە تەواو هاوڕای سیاستەکانیەتی، بە تایبەت کاتێک خامنەیی لە دوای هەڵبژاردنی پڕ لە ململانێی 2009 ڕایگەیاند کە ڕای ئەو لە هی ڕەفسەنجانی بە ئەحمەدی نەژادەوە نزیکترە.
بەڵام تەمەنی ئەم دۆستایەتییە کورت بوو و لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا ناکۆکییەکانیان تەقییەوە؛ کاتێک خامنەیی دژی جێگرەکەی "ئەسفەندیار ڕەحیم مهشایی" وەستایەوە و دواتریش دژی لادانی "حەیدەر مێسڵەحی"، وەزیری هەواڵگری بوو، ئەحمەدی نەژاد مانیگرت و14 ڕۆژ لە مالەکەیدا مایەوە و نەچووە سەر کار.
ئەم لادانە لە هێڵی ڕێبەر وایکرد لایەنگرانی پێشووی هێرشی توندی بکەنە سەر و تەنانەت عەبدولڕەزا داوەری، ڕاوێژکاری پێشووی، تۆمەتباری کرد بەوەی چاوەڕێی هێرشی ئەمریکا و ڕووخانی ڕژێم بووە و لە کۆبوونەوەکاندا "جوێنی توند و نەشیاوی" بە ڕێبەری ئێران داوە.
"ئەوەندە بڕیارنامە دەربکەن تاوەکو بڕیارنامەدانەکەتان دەدڕێت"
ئەحمەدی نەژاد لە سەردەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و موشەکیی ئێران، بووە یەکێک لە هێماکانی دژایەتیکردنی ڕۆژاوا لەلایەن ئێرانەوە.
ئەو چەندین جار لە گوتارەکانیدا گەمارۆ و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی بە گاڵتەجاڕی دەزانی و ڕستە بەناوبانگەکەی خۆی بەکارهێنا کە دەیگوت، "ئەوەندە بڕیارنامە دەربکەن تاوەکو بڕیارنامەدانەکەتان دەدڕێت"، جەختیشی دەکردەوە کە سزاکان بوونەتە هۆی گەشەکردنی ئابوریی ئێران.
بەڵام زۆربەی ئەم هەڵوێستانە دوای دوورکەوتنەوەی لە دەسەڵات گۆڕانی ڕیشەیییان بەسەردا هات و چەرخانێکی 180 پلەیی نواند و داوای گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ جیهانی کرد بۆ چارەسەری کێشە ئابورییەکان و دەستیکرد بە نامەنووسینی بێ وەڵام بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا.
ئەو و هاوبیرانی بە دروستکردنی چەمکی "قوتابخانەی ئێرانی" و بەکارهێنانی سیمبولی نەتەوەیی ڕەخنەی توند لە سوپای پاسداران وناوبردنیان وەک «برا قاچاخچییەکان»، ویستیان سەرنجی ئەو بەشەی کۆمەڵگە ڕابکێشن کە لە گوتاری دژە ڕۆژئاوایی ماندوو بوون و گوێیان لێ ناگرن، هەرچەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوونەوە بەهۆی ئەم دژایەتییە ئاشکرایەی لە گوتارەکانیدا هەیبوو.
یارییە سیاسییەکانی و گەشتە گوماناوییەکانی
مەحموود ئەحمەدی نەژاد هەموو مانۆڕ و ململانێ سیاسییەکانی خۆی، لە ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتن تاوەکو عاجزبوون و چاوپێکەوتنی توند، بە لێهاتوویی و لێزانانە لە ناو چوارچێوەی سیستەمی سیاسی ئێراندا ئەنجام دەدا و نەبووە هۆی زیندانیکردنی و تەنیا ناوبەناو ئاگادار دەکرایەوە کە کەمتر و زیاتر بە بێدەنگی قسە بکات یان “بە هیچ شێوەیەک قسە نەکات”.
لە کاتی دەستپێکردنی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، عەلی خامنەیی ئەندامانی نوێی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی ناساند و بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ئەحمەدی نەژاد بۆ خولێکی دیکەش لە پۆستەکەیدا مایەوە و بە پێچەوانەی خاتەمی و ڕوحانی لادەنەکرا.
لە ساڵی2020دا، کەناڵی تێلیگرامی سەر بە ئەو، وەزارەتی هەواڵگریی ئێرانی بە "سیخوڕی و چاودێریکردنی زانیاری" لە ماڵەکەی لە ڕۆژهەڵاتی تاران تۆمەتبار کرد لە ڕێگەی دانانی کامێرای پێشکەوتوو لەسەربانی قوتابخانەیەکی نزیک ماڵەکەی.
پاشان لە چاوپێکەوتنێکی جەنجاڵیدا لە ساڵی 2021دا گوتی: "بەرپرسی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە وەزارەتی هەواڵگری، خۆی سیخوڕی ئیسرائیل بوو".
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، گەشتە کتوپڕەکەی لە ساڵی 2023 بۆ گۆاتیمالا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، گومانەکانی لەسەر جموجۆڵەکانی زیاتر کردووە؛ هەرچەندە ئەو لەوێ تەنها باسی لە قەیرانی ئاو کرد، لە کاتێکدا شارەزایانی ژینگە خۆی بە هۆکاری وشکبوونی دەریاچەی ورمێ و کێشەی بەنداوی گۆتوەند دەزانن لە ئێراندا.