پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە فەرمی وەڵامی لێدوان و دەنگۆکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ناردنی چەک بۆ هێزە کوردییەکان دەداتەوە.
لەمبارەیەوە گەلاوێژ ئەورین، گوتەبێژی چاپەمەنیی پژاک ڕایگەیاند کە ئەوان وەک لایەنی خۆیان هیچ جۆرە چەک و هاوکارییەکی سەربازییان لە ئەمریکا وەرنەگرتووە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەش بە توندی ڕەتدەکەنەوە کە لەم ڕووەوە ئاراستەیان کراون.
گوتەبێژی پژاک جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ترەمپ بە ڕوونی ناوی ئەو لایەنە ئاشکرا بکات کە چەکەکانی پێداوە، هاوکات داواشی کرد کە ئەو لایەنە کوردییەی چەکەکەی وەرگرتووە خۆی بێتە دەنگ و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، بە لێڵی هێشتنەوە و قوڵکردنەوەی ئەم بابەتە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و ئەوان ڕێگە نادەن بەم شێوە ناڕوونە باسی کورد و هێزە شۆڕشگێڕەکان بکرێت.
لە بەسێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، گەلاوێژ ئەورین ئاماژەی بە ئەگەری بەهێزی سەرهەڵدانەوەی جەنگ و پێکدادان لە ناوچەکەدا کرد و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ئایندیەکی نزیکدا دەستێوەردانێکی نوێی سەربازی لە ناوخۆی ئێراندا ئەنجام بدرێت.
گوتیشی، هەرچەندە ماوەی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسە سەربازییە کورتخایەن دەبێت، بەڵام بێگومان کاریگەریی و گۆڕانکاریی زۆر گەورە و ستراتیژی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و داهاتووی ئێراندا دروست دەکات.