ناڕەزایەتیی فراوانی جوتیارانی ڕۆژاوای کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی دیکەی سوریا لە دژی نرخی دیاریکراوی گەنم لەلایەن حکومەتی کاتیی سوریاوە بەردەوامیی هەیە و جوتیاران داوای پێداچوونەوەی بەپەلە و بەرزکردنەوەی نرخەکە دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ جوتیارانی شارەکانی حەسەکە، دێرک و قامیشلۆ لە ڕۆژاوای کوردستان، لەگەڵ جوتیارانی پارێزگاکانی دێرەزوور، ڕەققە و حەمای سوریا، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی فراوانیان ئەنجامدا و تێیدا ڕایانگەیاند کە نرخی دیاریکراو بە هیچ شێوەیەک تێچووی بەرهەمهێنانەکەیان دابین ناکات.
هاوکات لەگەڵ جوتیاران، لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستانیش لە شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ، دێرک و کۆبانێ هاتوونەتە سەر خەت و پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواکاریی جوتیاران ڕاگەیاندووە، بە جۆرێک کە لە گردبوونەوەکانیاندا بڕیارەکەی حکومەتی کاتییان بە نادادپەروەرانە و زیانبەخش بە کەرتی کشتوکاڵ وەسف کردووە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی ئابووریی حکومەتی کاتیی سوریا لە 15ی ئەم مانگەدا بە فەرمانێکی فەرمی نرخی کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی بە چوار هەزار و 600 لیرەی سووری "کە هاوتای 330 دۆلاری ئەمریکییە" دیاری کرد.
ئەمەش وەک هۆکاری سەرەکیی توڕەیی و نیگەرانیی قووڵی جوتیارانی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە کە داوا دەکەن لایەنە بەرپرسەکان نرخێکی گونجاوتر هاوتەریب لەگەڵ بژێوی و ماندووبوونی ئەوان تەرخان بکەن.