ڕاستەوخۆ

وەزیری شارەوانی: زیاتر لە 82 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر زەوییان پێ دەدرێت

reset font size increase font size

پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامیی هەیە و لە سنووری هەولێریش کارەکان بە خێرایی بەڕێوەدەچن.

 لەم چوارچێوەیەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا نوێترین زانیاریی لەسەر پڕۆسەکە خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە زیاتر لە 82 هەزار فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی لە سنووری پارێزگای هەولێر ناویان هاتووە و زەوییان پێدەدرێت.

 هاوکات ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50٪ی ئەو کەسانەی کە بڕیاری وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە، بە فەرمی زەوییەکانیان ڕادەست کراوە.

وەزیری شارەوانی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ جیاکارییەک لە نێوان فەرمانبەراندا ناکرێت و هەر کەسێک لە هەر دامەزراوە و فەرمانگەیەکدا بێت، ئەگەر مەرجە یاساییەکان بیگرێتەوە مافی وەرگرتنی زەوی هەیە و لە ئایندیەکی زۆر نزیکیشدا پرۆسەی تیروپشک بۆ بەشەکەی دیکەی فەرمانبەران ئەنجام دەدرێت.

 سەبارەت بەو زەویانەشی کە پێشتر خاوەندارییەتییان بۆ هاووڵاتیان یان جوتیاران دەگەڕایەوە، وەزیری شارەوانی ڕوونی کردەوە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی خاوەنەکانیان، زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی جێگرەوە تەرخانکراوە بۆ ئەوەی مافی کەس نەفەوتێت.

ساسان عەونی لەبارەی ڕێکارەکانی تاپۆکردنی زەوییەکانیشەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پڕۆسەیەکی هونەری و کارگێڕی دوورودرێژە و کاتی پێویستە، بەڵام لە ئێستادا قۆناغی زۆر باش و پێشکەوتووی بڕیوە و بەمنزیکانە کێشەی سەرجەمیان چارەسەر دەبێت و ئەو فەرمانبەرانەی کارەکانیان تەواو بووە بانگهێشتی فەرمانگەکانی تاپۆ دەکرێن بۆ ئەوەی سەنەدی فەرمی بە ناوی خۆیانەوە بکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش تیشکی خستە سەر ڕەهەندی ئاوەدانیی پڕۆژەکە و ڕایگەیاند کە نەخشەسازیی ئەم گەڕەکە نوێیانە بە شێوازێکی مۆدێرن کراوە و لە داهاتوودا شاری هەولێر دەبەنە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندنی شارستانی و فراوانبوونی کەرتی خزمەتگوزارییەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.