نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق گەیشتەوە بەغدا و بڕیاریشە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا.
تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، دوای گەیشتنی بۆ بەغدا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی کۆدەبێتەوە بەمەبەستی گەیاندنی "پشتیوانیی سەرۆک ترەمپ بۆ حکومەتەکەی."
باراک ئاماژەی بەوەش کرد، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ زەیدی تاووتوێی "ئاراستەیەکی نوێ بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز و هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت" دەکەن.
هەروەها بڕیارە نێردراوە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆببێتەوە.
ئەم سەردانەی تۆم باراک لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاستبەرز لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا.