دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس بزنس" ئاشکرای کرد کە دوای بیستنی دەنگۆی ناردنی چەک لەلایەن چینەوە بۆ ئێران، نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەو وڵاتە نووسیوە و داوای لێکردووە ئەو کارە نەکات.
لە بەرانبەریشدا، سەرۆکی چین وەڵامی داوەتەوە و پێی گوتووە وڵاتەکەی چەکی بە ئێران نەداوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هۆشداریی دا کە پێدانی چەکی ئەتۆمی بە ئێران دەبێتە هۆی "تەقینەوەی جیهان" و جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر ساڵی ڕابردوو ئەمریکا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان نەکردایە، تاران ئەو چەکانەی دژی ئیسرائیل و ئەمریکا وڵاتانی ناوچەکە بەکاردەهێنا.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 خراپترین ڕێککەوتن بووە و ڕێگەی بۆ ئێران خۆش کردووە ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
لە کۆتاییشدا بەڵێنی دا کە بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، نرخی بەنزین و کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهاندا دادەبەزن.