وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەبارەی دیاریکردنی تەنها 292 هەزار تۆن بۆ وەرگرتنی بڕی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم، سبەی نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی عێراق دەکەین.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم تایبەت بە نوچە تیڤی ڕایگەیاند: سبەی نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کەمیی ئەو بڕە گەنمەی بۆ هەرێم دیاری کراوە.
وەزیری کشتوکاڵ راشیگەیاند: ئامانجی ئەم هەنگاوە فشار خستنە سەر بەغدایە بۆ زیادکردنی بڕی وەرگرتنی گەنم، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی هەرێمدا بگونجێت.
ڕاوێژکارانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش هۆشداری دەدەن، کە ئەمساڵ سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی داچێنراوە، بەڵام ئەو بڕەی بەغداد دیاری کردووە هیچ بنەمایەکی یاسایی و کشتوکاڵی نییە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو جوتیارانی هەرێم %10ی کۆی گەنمی عێراقیان دابین کردووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕێژەکە بۆ کەمتر لە %8 دابەزێنراوە.
دواکەوتنی شایستە داراییەکانی ساڵانی ڕابردوو و ئێستاش دیاریکردنی بڕێکی زۆر کەم بۆ وەرگرتن، جوتیارانی هەرێمی تووشی بێ ئومێدی دەکات، چاودێران پێیانوایە ئەگەر بەغدا لەم بڕیارە پاشەکشە نەکات، کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورە دەبێتەوە.
لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت، بەڵام حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: تەنها بڕی 292 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتن دیاریکردووە.