جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی، ڕایگەیاند که ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەکرد، تەنها قسەوباس بوون و شڵەژانیان لەناو بازاڕدا دروست کردووە.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، جەبار گۆران ئاماژەی بەوە دا که ئەو بابەتە تا ئێستا نە بووەتە ڕەشنووس و نە چووەتە بەردەم ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە که بڕیارێکی لەم شێوەیە بە شێوەیەکی سەرپێیانە نادرێت، چونکە لێکەوتەی خراپی دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی شڵەژان لە بازاڕدا، سەرئەنجامیش دەبێتە هۆی هەڵاوسان، دابەزینی ئاستی بژێویی هاووڵاتییان و لاوازکردنی هێزی کڕینیان.