دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی ترووس سۆشیاڵ دا ڕایگەیاند، هەندێک لە وڵاتان داوایان لە ئەمریکا کردووە هاوکاریی کەشتییەکانیان بکات بۆ ئەوەی بە سەلامەت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.
هەروەها هۆشداریی داوە لە بارەی کردەوەی سەربازیی دژی هەر لایەنێک کە ڕێگری لەم هەوڵەی ئەمریکا بکات.
دەشڵێت، لەبەرژەوەندیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکادا بەم وڵاتانەمان ڕاگەیاندووە، بە سەلامەتی ڕێنوێنی کەشتییەکانیان دەکەین بۆ تێپەڕین بە گەرووەکەدا بۆ ئەوەی بتوانن لەمەودوا بەشێوەیەکی ئازادانە درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن.
ترەمپ جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەم کەشتیانە سەر بەو وڵاتانەن کە بە هیچ شێوەیەک بەشدار نین لەو ڕووداوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن.
ئەو هەوڵەی ترەمپ لە کاتێکدایە، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان ڕێگە نادەن هیچ کەشتییەک بە بێمۆڵەت بە گەرووەکەدا تێپەڕێت و هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بە گەرووەکەدا بدات دەکرێتە ئامانج.