شاندێکی باڵا و هاوبەشی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی پایتیختی تورکیایان کرد؛ لەگەڵ وەزیری وزەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی ڕاوێژە تەکنیکی و یاساییەکان بۆ مسۆگەرکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی نەوتی عێراق و بە بەشداربوونی بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بووە.
شاندە هاوبەشەکە لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا دۆسیەی ڕێککەوتننامەی بۆریی نەوتی نێوان هەردوو وڵات و ئاسۆی هاوکارییەکانی بواری وزەیان تاوتوێ کردووە.
لە دیدارەکەدا، میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات، خرانە بەرباس.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی ڕاوێژە تەکنیکی و یاساییەکانی نێوانیان. چاوەڕوانیش دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا پرۆتۆکۆڵێکی جێبەجێکردن واژۆ بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان؛
ئەمەش وەک هەنگاوێکی ڕاگوزەر (کاتی) دەبێت بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا.