محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هاوکاری بەپەلە بۆ لوبنان دەنێرن و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنانیش سەرکۆنە کرد.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، بەڵێنی ناردنی "هاوکاری بەپەلە"ی بۆ ئەو وڵاتە دا و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان شەرمەزار کرد.
سودانی پاڵپشتی تەواوی عێراقی بۆ بەیروت دەربڕی و جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەروەری لوبنان کردەوە لە بەرانبەر پەرەسەندنی هێرشە سەربازییەکان.
نوسینگەی سەرۆکوەزیران پشتڕاستی کردەوە، هاوکارییەکەی عێراق سوتەمەنی، پێداویستی خۆراک و کەرەستەی فریاگوزاری لەخۆدەگرێت.
ئەم هەنگاوەی عێراق دوای زنجیرەیەک هێرشی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دێت کە کاردانەوەی توندی بەغدادی لێکەوتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە عێراق ماوەیەکی زۆرە ڕێککەوتنی "سووتەمەنی لەبەرامبەر خزمەتگوزاریی" لەگەڵ لوبنان هەیە، بەڵام ئەم بەڵێنەی دوایی وەک هاوکارییەکی مرۆیی ڕاستەوخۆ دەبینرێت لە کاتێکدا ململانێکانی ناوچەکە بەرەو فراوانبوون دەچن.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی لوبنان، جۆزێف عەون سوپاسی سەرکردایەتی عێراقی کردووە بۆ هەڵوێستە "نەگۆڕ و ڕەسەنەکانیان" و ئاماژەی بە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان کرد بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.