دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، هەریەک لە مەهدی ڕەسوڵی، محەمەدڕەزا میری و ئیبراهیم دەوڵەتئابادی کە لە دوایین خۆپێشاندانەکانی ئێران دەستگیرکرابوون، لەسێدارە دراون. ئەم دەستگیرکراوانە لەلایەن دادگەکانی حکومەتی ئێرانەوە تۆمەتی "کوشتنی هێزە ئەمنییەکان" و "سیخوڕی"ـیان درابووە پاڵ.
مەرزیە موحیبی، پارێزەری مەهدی ڕەسوڵی و محەمەدڕەزا میری، تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو دوو گەنجە تەمەنیان 21 و 25 ساڵ بووە و تەنها کرێکار بوون.
پارێزەرەکە ئاشکرای کردووە، سزاکە بە بێ ئاگاداریی پێشوەختەی خێزانەکانیان جێبەجێ کراوە و کاتژمێر 10ـی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە تەرمەکانیان لە گۆڕستان ڕادەستی کەسوکاریان کراوە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە نێو کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنێت.
جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەو وڵاتەدا دەستی پێکردووە.