ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە گوتارێکدا لە بەردەم جەماوەری پارتەکەی لە ئیزمیر، باسی لە پرسی کورد و کێشەی نایەکسانی لە تورکیا کرد و ڕایگەیاند، کە تا ئەو کاتەی هەستی جیاکاری لە کۆمەڵگەدا نامێنێت، دەبێت کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکرێت.
لە میانەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی جەهەپە گوتی، ئەگەر بەشێک لە کۆمەڵگە بڵێت ‘هەست بە یەکسانی ناکەم'، کەواتە لەوێدا کێشەیەک هەیە، بۆیە پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن تا ئەو کاتەی ئەو کەسە دەڵێت 'هەست بە یەکسانی دەکەم’، ئۆزێل گوتیشی، دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن تا ئەو کاتەی دەوترێت 'هیچ جیاکارییەک نەماوە'.
ئۆزگور ئۆزێل لە درێژەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئایا پرسی کورد لە تورکیا بوونی هەیە یان نا؟ ئەگەر کورد بڵێت 'من کێشەم هەیە'، کەواتە پرسی کورد بە دڵنیاییەوە بوونی هەیە و هەمان شت بۆ پێکهاتەکانی دیکەش ڕاستە.