گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا 251 ژن و 216 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵان، بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەستییان کەوتووە، 251 ژن و 216 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار کەسیش لە تاران ئاوارە بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەزار و 900 هێرش کراوەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا، بەڵام حکومەت بەردەوامە لە پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان و تەنها بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا پچڕان دروستدەبێت.
گوتیشی، سنوردارکردنی ئینتەرنێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت و هاوڵاتییان تەنها دەتوانن سیم کارت بۆ پەیوەندیکردن بە کاربهێنن.
ئاشکراشیکرد، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن و پاراستنی سەروەری ئاسمانی و زەمینی وڵاتەکەیان و پرسی ڕاگەیاندنی ئاشتی و شەڕیش لە ئەستۆی هێزە چەکدارەکاندایە، نەک حکومەت.