بەرپرسێکی کەمپی ڕۆژ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، سەرەڕای ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی هێز و دامەزراوە کوردییەکان لەگەڵ دیمەشق، هێزە کوردییەکان هێشتا نزیکەی 2,200 کەسوکاری بیانیی گومانلێکراوانی ڕێکخراوی هاوکاری داعشیان لەو کەمپەدا لای خۆیان هێشتووەتەوە.
لە کەمپی ڕۆژ، کە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژاڤای کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی کورد بە توندی چاودێریی شوێنەکە دەکەن.
حەکیمیە ئیبراهیم، بەرپرسی کەمپەکە، ڕۆژی دوشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: "کەمپی ڕۆژ 729 خێزانی داعشی تێدایە، کە دەکاتە زیاتر لە 2,200 کەس".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد که "تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەڕێوەبردنی کەمپەکەدا نەکراوە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کەمپەکە، خەڵکانی زیاتر لە 50 نەتەوە و وڵاتی جیاواز لە کەمپەکەدا دەژین؛ هاووڵاتییانی ڕووسیا زۆرینە پێکدەهێنن، لەپاڵ هاووڵاتییانی فەرەنسا، تورکیا، ئەڵمانیا، تونس، مەغریب و وڵاتانی دیکەدا. هەروەها شامیمە بەگوم، کە لە تەمەنی هەرزەکارییدا بریتانیای بەجێهێشت بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی داعشدا بکات و دواتر ڕەگەزنامە بریتانییەکەی لێسەندراوەتەوە، لەو کەمپەدایە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کانونی دووەمی ڕابردوودا، کورد و دیمەشق گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنەوەی هێز و دامەزراوە کوردییەکان بە دەوڵەتی سووریا، لە مانگی ئابیشدا مەزڵوم عەبدی، کە سەرۆکایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی دەکرد، هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی ڕاگەیاند و وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرع دەستنیشانکرا.
دیمەشق وردە وردە دەستی بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانی پێشووی ئیدارەی خۆسەر کردووە.
بەرپرسێکی حکومەتی سووریا بە مەرجی نەکردنەوەی ناوی خۆی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: "تێکەڵکردنی کەمپی ڕۆژ، وەک دامەزراوەکانی دیکە، لە پرۆسەدایە".
گوتیشی: "گواستنەوەی بەڕێوەبردنی کەمپەکە کاتی دەوێت"، هۆکارەکەشی بۆ "قووڵایی مرۆیی، سیاسی و پەیوەندیی بە لایەنە بیانییەکانەوە" گەڕاندەوە، بە مەبەستی ئەو وڵاتانەی کە تاوەکو ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە هاووڵاتییانی خۆیان وەرگرنەوە.
ڕۆژ کۆتا کەمپە کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردا ماوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزە کوردییەکان لە کاتی پەرەسەندنی سەربازیی حکومەت لەم ساڵدا، لە کەمپی هۆڵ پاشەکشەیان کرد و کەمپەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە داخرا.
هەروەها لە شوباتی ڕابردوودا، ئەمریکا زیاتر لە 5,700 دەستبەسەرکراوی داعشی لە زیاتر لە 60 وڵاتەوە گواستەوە بۆ عێراق.