بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەشی شەش مانگ خۆراک لە کۆگای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە و مەترسیی دروستبوونی هیچ قەیرانێک نییە".
نەوزاد شێخ کامیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا دڵنیایی بە هاوڵاتیاندا و گوتی، بەشەخۆراکی یەکەمی ئەمساڵ دابەشکراوە، بەشی دوو مانگ بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان لە کۆگاکان هەیە، چاوەڕێی ڕەزامەندی وەزارەتی بازرگانیی عێراقین بۆ ئەوەی بەسەر بریکارەکاندا دابەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگەکانی هاوردەکردنی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیان کراوەیە و بە بەردەوامی شمەک و کاڵای هاوردە دەکرێت.
گوتیشی، هیچ مەترسییەکی دروستبوونی کەمیی خۆراک بوونی نییە، کۆگاکانی بازرگانانیش بەشی شەش مانگ خۆراکیان تێدایە.
جەختیشدەکاتەوە، پێویست ناکات هاوڵاتیان بترسن و تووشی دڵەڕاوکێ ببن و خۆراکی زیادە بکڕن، چونکە مەترسیی هیچ قەیرانێکی خۆراک و کەمیی کاڵا و شمەک لە ئارادا نییە.