داتا فەرمییەکانی بانکى ناوەندیى عێراق کە ئەمڕۆ (20ی تەممووزی 2026) بڵاوکراونەتەوە، دابەزینێکی بەرچاو لە نەختینەی ئامادەی ناو خەزێنەکانی بانکەکە لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا نیشان دەدەن.
بەپێی داتاکان، یەدەگی نەختینەی بانکەکە کە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025دا لە ئاستی 1.907 تریلیۆن دیناردا بوو، لە کۆتایی نیسانی 2026دا بۆ 566 ملیار دینار دابەزیوە.
کەمبوونەوەی نەختینەکە بەپێی مانگەکان بەم شێوەیە تۆمارکراوە:
کانوونی دووەمی 2026: 1.524 تریلیۆن دینار
شوباتی 2026: 1.005 تریلیۆن دینار
ئاداری 2026: 849 ملیار دینار
نیسانی 2026: 566 ملیار دینار (نزمترین ئاست)
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە سەرمایەی نەختینەی ناو خەزێنەی بانکی ناوەندی لە ماوەی چوار مانگدا نزیکەی 1.341 تریلیۆن دینار کەمیکردووە، کە دەکاتە دابەزینێک بە ڕێژەی %70.3.
ئەم ئاستەی ئێستای نەختینەیە، ئەگەرچیش لە ئاستی کۆتایی ساڵی 2023 کە 323 ملیار دینار بوو بەرزترە، بەڵام بەراورد بە کۆتایی ساڵی 2024 کە 2.092 تریلیۆن دینار بوو، داڕمانێکی بەرچاو بە ڕێژەی %72.9 نیشان دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکان ڕوونی دەکەنەوە کە لە چوار مانگی یەکەمی 2026دا نرخی فەرمیی دۆلار لە ئاستی 1 دۆلار = 1,300 دیناردا جێگیر بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی هەڵئاوسان بەرەبەرە زیادی کردووە و لە %0.9 لە مانگی کانوونی دووەمەوە بۆ %1.7 لە کۆتایی مانگی نیساندا بەرزبووەتەوە.