دادگای ئەمریکا پڕۆژە یاساییەکی نوێ دەرکردووە بۆ کەمکردنەوەی سزای ئەو ژنانەی ڕزگاربووی توندوتیژی خێزانین، وەک یەکەم نمونە، لیزا ڕای مۆسیان بانگهێشتی دادگا کرد.
لیزا ڕای مۆس - کە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی تێوەگلانی لە کوشتنی هاوسەرەکەی، مایک مۆس لە ساڵی 1990 - لە بەیانییەکی ساردی مانگی یەکدا لە قەفەزی تۆمەتبارانی هۆڵێکی دادگا لە شاری سێمینۆل، ئۆکلاهۆما دانیشتووە، ئیستا تەمەنی ٦٠ ساڵە و زیندان پرچەکانی سپی کردووە، داوای لێ دەکرێت چیرۆکی کوشتنی هاوسەرەکەی بگیڕیتەوە کە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا ئەنجامی داوە.
-ئایا هاوسەرەکەت هەرگیز لە ژووری نووستندا دەمانچەی بەکارهێناوە؟
مۆس بە هێمنی وتی: هاوسەرەکەم دەمانچەیەکی هەبوو کە بەزۆری شەوانە لەسەر جێگەی نوستنەکە دایدەنا، ئەو شەوانەی کە من لە مەزاجێکدا نەبووم سێکسی لەگەڵ بکەم دەمانچەکەی بەرامبەرم دەجووڵاند و یاری پێدەکرد.
دوای تێپەڕینی شەش مانگ لە هاوسەرگیریەکەیان، جۆرەها سوکایەتی و توندوتیژی بەرامبەرم دەکرد، لە شکاندنی شوشە لە سەرمدا تاوەکو چەقۆلێدان و جۆرەها توندوتیژی دڕندانەی دیکە، مۆس دەڵێت توانیم بەرگەی هەموو ئەوانە بگرم، تا ئەو کاتەی کچە بچوکە چوار ساڵانەکەم لە هاوسەری پێشووم هاتە لام و وتی دایە لەبەشی خوارەی سکم ئازارم هەیە، ترسێکی گەورەم لێنیشت کە هاوسەرەکەم دەستدرێژی کردبێتەسەری، ئەوە ئەو ساتە بوو کە بڕیاری ڕزگاربونم دا.

ئەو بەیانییە پرسیارەکە لەبەردەم دادگادا، پرسیاری سەلماندنی تاوانباری و بێتاوانی نەبوو؛ بەڵکو ئەوە بوو کە ئایا سزاکەی مۆس توانیویەتی حساب بۆ ئەو ڕۆڵە بکات کە ساڵانێک دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی لە تاوانەکەیدا گێڕاوە یاخود نا.
مەکارتی مارگریت بلاک، ڕاوێژکارێکی مۆڵەتپێدراو و پسپۆڕی لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی خێزانییە، بانگهێشتی دانیشتنەکەی دادگا کراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە کاریگەری توندوتیژییەکانی بەرامبەر مۆس ئەنجامدراون چییە.
مەکارتی دەڵێت، هەر جارێک مۆس هەوڵی داوە بە ئاشتی هاوسەرەکەی بەجێبهێڵێت، توندوتیژی زیاتری بەرامبەر ئەنجامدراوە، خۆی و منداڵەکانی لە دۆخێکی زۆر زۆر مەترسیداردا بوون.
داوای هەڵسەنگاندن و وردبینی دادوەر وتی، دادگا بۆی دەردەکەوێت کە تۆمەتبار بەڵگەی ڕوون و قەناعەتپێکەری پێشکەش کردووە کە ڕزگاربووی توندوتیژی خێزانی بووە، بەرگەی دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی و دەروونی گرتووە.
ئەو جۆرە توندوتیژی و سووکایەتیکردنە هۆکارێکی بەشداربووی گەورە بووە بۆ ئەوەی تۆمەتبارەکە ئەو تاوانانە ئەنجام بدات کە ئێستا بەهۆیانەوە زیندانی کراوە.

بەپێی یاساکە، ئەم بەڵگانە وایکردووە کە شایستەی سزای ٣٠ ساڵ یان کەمتر بێت - و لەبەر ئەوەی پێشتر زیاتر لە سزای بەسەربردووە ، دادوەر بڕیاریدا ئەو ڕۆژە ئازاد بکرێت.
ئەم دۆسیەیە وای کرد دەنگدانەوەیەکی گەورە دروستبێت، کاتێک دادگا یاسایەکی دەرکرد کە دەسەڵاتی بە دادوەرەکان دا بۆ کەمکردنەوەی سزاکان کاتێک بۆیان دەسەلمێت کە سووکایەتیکردن "هۆکارێکی گەورە" بووە لە تاوانی تۆمەتبارێکدا.
هەرچەندە هیچ سیستەمێک نەبوو بۆ ناسینەوەی ئەم ژنانە لەناو زیندانەکەدا، بەڵام بیر لە چارەسەرێک کرایەوە کە هەر ژنێک لە زیندانەوە، لە نامەیەکی کورتدا چیرۆکەکەی و ماوەی سزاکەی بنوسێت و بینێرێت بۆ ئۆفیسی مەکارتی مارگریت بلاک.
سەد و پەنجا و شەش نامە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا گەیشتن. هەر زەرفێک گێڕانەوەیەکی دڵتەزێنی تێدابوو، ڕەش پێست و سپی پێست، گەنج و پیر، خەڵکی شار و شارۆچکەکانی تێدا بوو.
ویلکنز لە ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە شاری کێلیڤیل گەورە بووە، کە تێیدا مەزاج و دیسیپلینی دڕندەی باوکی زاڵ بووە بەسەر ماڵەکەدا. .
دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ کارڵتۆنی ناسی کە ١٢ ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو هاوسەرگیریان کرد، بێ ئاگا لەوەی کە ئەو پیاوە هەم کێشەی ماددە هۆشبەرەکانی هەیە و هەمیش پێشینەی توندوتیژی لەگەڵ ژناندا هەیە.
لە ماوەی دوو ساڵی پێکەوەژیانیاندا، ویلکنز لانیکەم ١٠ جار پەیوەندی بە ژمارە ٩١١ەوە کرد بۆ ئەوەی داوای یارمەتی بکات چەندین جار داوای چاودێری پزیشکی کردووە بەهۆی ئەو برینانەی کە لە کاتی دەستدرێژیکردنە سەر و چەندین لێداندا تووشی بووە.
ڕاپۆرتەکانی پۆلیس، تۆمارە پزیشکییەکان و ئیفادەی دادگاییکردنەکە بەڵگەی ئەوەن کە ویلکنز بەرگەی چەندین توندوتیژی دڕندانەی گرتووە، لە ڕوانگەی تەواوی شایەتحاڵەکانەوە. جارێک دراوسێیەکی بینیویەتی کە هاوسەرەکەی لەبەردەرگاوە قژی ویلکنزی گرتووە و بە هاوارەوە بەرەو ماڵەکەی خۆی ڕایکێشا.
هەروەها هەمان دراوسێ بینیویەتی، لە بۆنەیەکی دیکەدا، بە شتێک کە لە بۆرییەکی کانزای دەچوو، لە ویلکنز دەدات.
دواجار لەکاتی هەوڵدان بۆ کوشتنی ویلکنز لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەمانچەکەی ویلکنز دەمانچەکەی لێوەردەگرێت و بە هەشت فیشەک دەیکوژێت.

زۆرینەی ئەو ژنانەی کە بەو تاوانە سزادراون پێشترجگە لە سەرپێچییە بچووکەکانی وەک خێرا لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، هیچ کام لە ژنەکان پێش دەستگیرکردنیان کێشەیان لەگەڵ یاسادا نەبووە و زۆربەیان قوربانی سەرەکی دەستدرێژی خێزانیین و ئەشکەنجە و سوکایەتی هۆکارێکی بەشداربووی گەورە بوون لە ئەنجامدانی تاوانەکاندا بۆیە دادگا بەو پڕۆژە یاسا تازەیە دووبارە دادگایان دەکاتەوەو چاو بە ماوەی سزاکانیاندا دەخشێنێتەوە و لەئەگەری سەلماندنی پاڵنانە دەرونی و جەستەیەکانی کاریگەر لە ئەنجامدانی تاوانەکانیاندا،ماوەی سزاکەیان کەم دەکاتەوە.
سەرچاوە: نیویۆرک تایمز