وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا ڕایگەیاند، نزیکەی دوو هەزار سەربازی دیکە لە فیرقەی 82ـی هێزە ئاسمانییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکەین.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا هێزێکی گەورەی سەربازی ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەم هەنگاوەش وەک وەڵامێکی خێرا و ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە ئاڵۆزییەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەبیندرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێزانەی ئەمریکا وەک یەکێک لە بەهێزترین یەکەکانی سوپای ئەمریکان، ئەرکی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کاتە هەستیارەکاندا.
شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، پێشکەوتووترین کەشتیی جەنگی و هەروەها فڕۆکەیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ بکەون و چەکی هەرە پێشکەوتووش بۆ ناوچەکە دەنێرن.
ناردنی هێزەکەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە لە کاتێکدایە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە پاکستان دەستی پێکردووە. پێشتریش ترەمپ ڕایگەیاندبوو، تاوەکو ئەو کاتەی لەگەڵ ئێران دەگەنە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێننەوە.