شەش ڕێکخراوی دیاری پزیشکی، یاسایی و مافی مرۆڤ لە تورکیا لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا هۆشداریی توندیان لەبارەی تێکچوونی بارودۆخی زیندانەکان دا.
لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر گیانلەدەستدانی گوماناویی زیندانی (ڕۆژهات بابات) لە نەخۆشخانەی قەیسەری و ڕەخنەی توندیش لە دروستکردنی زیندانە نوێیەکانی جۆری (یەک) گیراوە، کە تێیدا زیندانییان لە سادەترین مافی سروشتی وەک حەوشە و هەوای پاک بێبەش کراون و زیندانی تاکەکەسیی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە.
ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بە دۆخی مەترسیداری مانگرتووان لە خواردن لە زیندانی ئەنتاڵیا کردوو، کە ژمارەی ڕۆژەکانی مانگرتنیان لە 250 ڕۆژ تێپەڕیوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.
ئەو شەش ڕێکخراوە داوایان کردووە دەستبەجێ کۆتایی بە سیاسەتی گۆشەگیری بهێنرێت و مافی چارەسەری پزیشکی بۆ زیندانییە نەخۆشەکان دەستەبەر بکرێت و میکانیزمێکی چاودێریی سەربەخۆ بە بەشداریی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێریکردنی زیندانەکان پێکبهێنرێت.