ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێسی ئەمریکی ڕایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد، دوای چاککردنەوە و گەڕانەوەی بۆ ئەرکە سەربازییەکانی لە نۆکەندی سوێسەوە تێپەڕی و لە دەریای سور جێگیر کرا.
دوو بەرپرسی سەربازیی ئەمریکی بە ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێسیان ڕاگەیاندووە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد کە بە گەورەترین کەشتیی جەنگیی جیهان دادەنرێت، جارێکی دیکە گەڕاوەیەوە بۆ ناو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە گوێرەی زانیارییەکانی یەکێک لەو بەرپرسانە، کەشتییە پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بوو، بە نۆکەندی سوێسدا تێپەڕیوە و لەگەڵ دوو کەشتیی تێکشکێنەری یو ئێس ئێس ماهان و وینستۆن چەرچڵ لە دەریای سور جێگیر بووە.
کەشتیی جێراڵد فۆرد، دوای زیاتر لە مانگێک، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە. کەشتییەکە پێشتر بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە بەشی جلشۆرینیدا ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ بەندەرە دەریاییەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی چاککردنەوەی.
بە گەیشتنی کەشتییەکە، ئێستا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی لە ناوچەکەدا ئامادەن، پێشتر کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن لە دەریای عەرەبدا جێگیر ببوو.
هاوکات سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بە ناوی جۆرج بوش، لە ڕێگەدایە بۆ ناوچەکە و لە ئێستادا لە کەناراوەکانی باشوری ئەفریقایە.