بەپێی بڕیارێکی سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە، گۆڕانکاریی گرنگ لە پلە و پۆستەکانی چەندین وەزارەت و دامەزراوەی دەوڵەتدا، بە تایبەت لە سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی ئەنجام درا.
لە بەشی پەیوەندیدار بە دەزگای دیانەتەوە، سەرۆکی ئەکادیمیای دیانەت، ئەنوەر عوسمان کان، لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و ئەحمەد بۆستانجی لە شوێنی ئەو دەستنیشان کرا. هاوکات، موفتیی ٣٥ پارێزگا، لەوانە کۆنیا، کۆجائێلی، ئامەد، ئورفا، زۆنگولداک و بیلیجیک، گۆڕدران.
لە گۆڕانکارییەکانی دیکەدا، دەريا ئۆرس سەرلەنوێ بووەوە بە سەرۆکی دامەزراوەی باڵای کلتور، زمان و مێژووی ئەتاتورک، و بەڕێوەبەرانی نوێ بۆ کلتوری پارێزگاکانی ئەنتاڵیا، بۆلو و شرناخ دانران.
هەروەها بەڕێوەبەرانی پارێزگاکانی قرقڵارئێلی و موغڵا لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە و بەڕێوەبەری نوێ بۆ پارێزگاکانی ئەنقەرە، موغڵا، نەڤشەهیر، سەمسوور (ئادیامان) و کلس دیاری کران.
سەبارەت بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان، مورات سۆیکان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییە تەکنیکییەکانی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی، لە پۆستەکەی دوور خرایەوە، و عەمید مورات یەتیش وەک جێگری سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرا.