ڕاستەوخۆ

ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکاندا جێبەجێ کرد

reset font size increase font size

 ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو گەنجی دیکەدا جێبەجێ کرد کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو دەستگیرکرابوون، ئەوەش لە کاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان لەو وڵاتە دەربڕیوە.

ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە زاری محەممەد سادق ئەکبەری، سەرۆکی گشتیی دادگای پارێزگای سێمنان بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سزای لەسێدارەدانی هەریەکە لە (جەواد زەمانی) و (ئەبولفەزل ساعدی) جێبەجێ کراوە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە دادوەرییە، ئەو دوو گەنجە لە شاری شاهروود دەستگیرکرابوون و تۆمەتی "موحارەبە"یان دراوەتە پاڵ. 

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران تۆمەتباری کردوون بە "بەکارهێنانی چەک، تێکدانی موڵکی گشتی، هێرشکردنە سەر فەرمانگەی قایمقامیەت و سووتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس بە مەبەستی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی."

هەرچەندە دەسەڵاتی دادوەری هیچ وێنەیەکی ئەو دوو کەسەی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە ناوی "دانپێدانانی زۆرەملێ" بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەموچاویان لێڵ کراوە و دەنگیان گۆڕدراوە.

ئەکبەری ئاماژەی بەوەش کردووە کە دادگای باڵای ئێران تانەی تۆمەتبارەکانی ڕەتکردووەتەوە و سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵکەکانیانی پەسند کردووە.

ئەم لەسێدارەدانانە لە کاتێکدان، فۆڵکەر تورک، کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێران لە سەرەتای ساڵی2026ـەوە لانی کەم 40 کەسی بە تۆمەتی "پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی" لەسێدارەداوە، کە 18کەسیان لە خۆپێشاندەران بوون.

هاوکات، مای ساتۆ، ڕاپۆرتەری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە "سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی لە دۆخی جەنگدا بەکاردێنێت."

دوای گرژی و شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، هۆشدارییەکان لەسەر خێراکردنی پرۆسەی لەسێدارەدان لە ئێران زیاتر بوون.

بەتایبەت دوای ئەوەی غولامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران داوای لە داواکارانی گشتی کردووە بەبێ چاوپۆشی و بە خێرایی سزای ئەو کەسانە بدەن کە لە خۆپێشاندانەکان یان دوای دەستپێکردنی شەڕەکە دەستگیرکراون.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی قوڵی خۆیان لە نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بێبەشکردنی تۆمەتباران لە مافی ڕاوێژکردن بە پارێزەر دەربڕیوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.