نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کرد و دوایین پێشهاتەکانی سوریا و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وێنەی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوانیان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ میوانداریی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشم کرد لەگەڵ ژەنراڵ مەزلوم عەبدی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا."
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهاتەکان گۆڕیوەتەوە و نووسیویەتی: "جەختمان لە گرنگیی ڕاوێژ، هەماهەنگی و هەوڵی هاوبەش کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەهێزکردنی ئاسایش و پاڵپشتیکردنی چارەسەرە ئاشتییانییەکان."