مەسعود بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سوریا لە پیرمام کۆبوونەوە؛ پرسی سەقامگیریی ناوچەکە، داماڵینی چەکی میلیشیاکان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە،16ی حوزەیرانی 2026، مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق و سوریا کرد.
نووسینگەی فەرمیی بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا سڵاوی تایبەتی ترەمپی گەیاندووەتە سەرۆک بارزانی و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئەو لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا دەربڕیوە.
تۆم باراک جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستا و داهاتوودا ڕۆڵێکی گرنگ و جێی بایەخی هەیە و سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشکەوتنی هەرێمەکە پیشانداوە.
له بەرامبەردا، بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە و پشتیوانی لە دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی دەکات.
تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە سیستەمی سیاسیی عێراق؛ نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەختی لە پێویستیی کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارە ناڕەسمییەکان کردەوە و پشتیوانیی واشنتنی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق فیدراڵ دووپاتکردەوە لە پرۆسەی داماڵینی چەک لەدەستی میلیشیاکان و گەڕانەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
سەبارەت بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: "پێویستە هەموو لایەک پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن و کارەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا بن."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر کارکردنی پێکەوەیی لەسەر کۆمەڵێک ئەولەویەتی هاوبەش بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری، پەرەپێدانی ئابووری، برەودان بە وەبەرهێنان و بنیاتنانی دۆستایەتییەکی ستراتیژیی درێژخایەن لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا.